کورته‌ی باسه‌که
سه‌ندیکالیسته‌کان باوه‌ڕیان به کاری راسته‌وخۆ هه‌یه و پشتیوانی هه‌موو جۆره چالاکی و ئاکسیۆنێکی جه‌ماوه‌ری که له پێناو له‌ناوبردنی سیستمی پاوانگه‌ریی (مۆنۆپۆڵ) ئابوورین، که له به‌رامبه‌ر چالاکی سه‌ندیکاییدا ده‌وه‌ستێت. ئه‌رکی سه‌ندیکالیسته‌کان بریتییه له په‌روه‌رده‌ی فه‌رهه‌نگی جه‌ماوه‌ر و هاوئاهه‌نگکردنی چالاکیان له سه‌ندیکا و ڕێکخراوه خه‌باتکارییه ئابوورییه‌کانیاندا، به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی کاری راسته‌وخۆ (له‌وانه ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کارخانه، مانگرتنی گشتی و ...) و ڕزگاری له چنگ سیستمی کرێگرته‌یی و میرایه‌تی هاوچه‌رخ. ئێمه ئاماده‌ی هه‌موو جۆره چالاکییه‌کی هاوبه‌ش له‌ته‌ك شۆڕشگێڕه ڕاستگۆکانی تر به مه‌بستی خه‌باتی هاوبه‌ش دژی دژه‌شۆڕشین، به‌ڵام هیچ کات سه‌ربه‌خۆیی خۆمان له‌ده‌ست ناده‌ین.
هاوڕێ «کرۆن» بابه‌تێکی خستووه‌ته ڕوو، که پێویسته لێره‌دا ئاوڕی لێ بدرێته‌وه. ئه‌و ده‌ڵێت که ده‌توانرێت جه‌ماوه‌ر به‌هۆی دیکتاتۆرییه‌وه په‌روه‌رده بکرێن. ئه‌مه ڕوانگه‌یه‌کی سه‌یره. من زۆر جار باسم له‌وه کردووه، که دیکتاتۆری و فێرکاری و ڕاهێنان وه‌ك ئاو ئاگر وان. ئێمه دژی هه‌موو جۆره فێرکاری و په‌روه‌رده‌کردنێكی توندوتیژانه‌ین، فێرکاری (تعلیم) واته فێربوونی ئازادانه، فێرکاری واته باوه‌ڕ. په‌روه‌رده و فێرکاری دژی هه‌موو جۆره دیکتاتۆرییه‌که. مرۆڤایه‌تی له‌وێدایه، که مرۆڤ ئازادانه و سه‌ربه‌خۆ بیر بکاته‌وه و کار بکات.
کرۆن ده‌ڵێت که مانگرتنی گشتی به ته‌نیا به‌س نییه و ده‌بێت به دوای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵاتی ڕامیارییه‌وه بین و هه‌روا که له شۆرشی ڕوسیه‌ی ساڵی 1905دا ڕوویدا. پێویسته ئه‌وه بڵێم که به باشی ئاگاداری ئه‌و ڕوداوانه‌م که ڕوویان داوه. شۆڕشی 1905 ڕێك هه‌ر له‌به‌ر بوونی پارته‌کان بوو، که شکستی هێنا واته پرسێك که کرۆن وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك دژی تێڕوانینه‌کانی ئێمه به‌کاری ده‌هێنێت. شۆڕش له‌وێ هه‌موو ڕێکخستنه ده‌وڵه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رییه‌کانی ده‌ست لێ نه‌دراو هێشته‌وه و خۆی به دوای به‌ڕێوه‌بردنیانه‌وه بوو. سه‌ره‌نجام کاتێك که دژه شۆڕش گه‌ڕایه‌وه، هه‌موو ده‌زگه سه‌رکوتگه‌ره‌کانی جه‌ماوه‌ر ده‌ست لێ نه‌دراو دووباره که‌وتنه‌وه ژێر ڕکێفی. باشترین به‌ڵگه بۆ بوونی پارته‌کان و خراپکارییه‌کانیان یاخیبوونی دوو گه‌له‌که‌شتی ده‌ریای ڕه‌شن. کاتێك که ده‌ریاوانانی که‌شتی پۆتمکین و که‌شتییه جه‌نگییه‌کانی تر یاخیبوون و ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست، سه‌روگوێلاکی سه‌ردارانی پارتی په‌یدا بوو و داوای چالاکی هاوبه‌شیان کرد و له‌و کاته‌دا بوو که پاگه‌نده و تۆمه‌ته‌کان ده‌ستیان پێ‌کرد. هه‌موو که‌سێکی دیکه‌یان به دژه‌خون داده‌نا و سه‌ره‌نجام یه‌کێك له باشتری هه‌له‌کان له‌ده‌ست چوو.
ماتاچنکۆ یه‌کێك له هه‌ڵسوڕاوانی سه‌ره‌کی یاخیبوونه‌که دواتر له له‌نده‌ن چۆنیه‌تی ڕوداوه‌که‌ی بۆ گێڕاینه‌وه و به ئه‌نارکیسته‌کانه‌وه په‌یوه‌ست بوو. چونکه له پارته‌کان به‌گشتی بێزار بوو. ڕێك له‌وێدا که به خۆشباوه‌ڕییه‌وه هه‌وڵ ده‌درێت ده‌زگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی له جێی خۆیدا بمێنێته‌وه، تا دواتر سوودی لێ وه‌ربگیرێت؛ ڕێگه بۆ دژه‌شۆڕش خۆش و له‌بار ده‌کرێت.
جوتیارانی فه‌ره‌نسی سه‌راپای پێکهاته‌کانی سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی (فیئۆداڵی)یان له‌نێو برد. دواتر له‌شکره‌کانی ئه‌وروپا، فه‌ره‌نسه‌یان داگیرکرد و ته‌نانه‌ت پاشایه‌کیشیان له پاریس هه‌ڵبژارد، به‌ڵام هیچ کات نه‌یانتوانی دووباره سیستمی ده‌ره‌به‌گایه‌تی سه‌ر له‌نوێ ساز بکه‌نه‌وه. چونکه سه‌ره‌پای پێکهاته‌ی ده‌ره‌به‌گایه‌تییان له بنه‌ڕه‌ته‌وه ویران کرابوو. که‌سێك که خوازیاری جێگیرکردنی ده‌زگه‌ی دیکتاتۆری ده‌وڵه‌تییه، له ڕاستیدا خزمه‌ت به دژه‌شۆڕش ده‌کات. ڕێك لێره‌دا (ئاڵمان)، له‌وێوه‌یه که شۆڕش سیستمی ئابووری و ڕامیاری نه‌گۆڕیوه؛ لایه‌نگرانی پاشایه‌تی به خۆشحاڵییه‌وه چاوه‌ڕێی ڕۆژی به‌ڵێن دراون.
کرۆن ده‌ڵێت: دیکتاتۆری پێویسته تاکو پیشه‌گه‌ران و کارناسان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر کاره‌که‌ی خۆیان. لێره‌شدا شۆڕشی ڕوسیه نموونه‌یه‌کی باشه. هیچ دیکتاتۆرێك نه‌یتوانی شاره‌زایان و ته‌کنیککاران بگێرێته‌وه سه‌ر کاری خۆیان. تا ئه‌وه‌ی که لێنین ملی به دانی کرێی داواکراویان بدات و به‌م جۆره ئه‌وان گه‌رانه‌وه سه‌ر کاری خۆیان. دیکتاتۆری توانای گۆڕینی باوه‌ڕه‌کانی جه‌ماوه‌ر نییه. نابێت له‌بیر بکه‌ین که شۆڕش بریتییه له سه‌رله‌نوێ له‌دایکبوونه‌وه‌ی گه‌لێك به ئاراسته‌ی مۆڕاڵ و ڕۆشنبیری تازه. به‌بێ ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی و ژێرخانیی له بنچینه‌دا شۆڕش واتا و تێگه‌یشتنێك به‌ده‌سته‌وه نادات. توندوتیژی نه‌ك کارێکی شۆڕشگێڕانه نییه، به‌ڵکو کارێکی کۆنه‌په‌رستانه‌شه. شۆڕش سه‌ره‌نجامی ئاڵوگۆڕی قوڵ له بیرکردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان و گه‌یشتنیان به هۆشیاری تازه‌یه؛ نه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستکردنی چه‌ك. که‌سانێك که پێیان وایه، ده‌توانن له به‌رامبه‌ر ئه‌م میکانیزمه گه‌وره جه‌نگییه به ته‌نیا چه‌کدارانه پێ بنێنه مه‌یدانی کار، به هه‌ڵه‌داچوون. چونکه ده‌بنه هۆی خوێنڕێژییه‌کی بێسوود. من دژی توندوتیژیم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که دژی ده‌وڵه‌تم. چونکه له راستیدا ده‌وڵه‌ت واته به‌رجه‌سته‌بوونی توندوتیژی ڕێکخراو. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم که توندوتیژی وه‌ك ئامرازی به‌رگری له خۆ ڕه‌ت ناکه‌مه‌وه، ئه‌گه‌ر له هه‌لومه‌رجێکدا به‌سه‌رماندا بسه‌پێنرێت، ده‌بێت په‌نا بۆ توندوتیژی به‌رین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که من دژی خۆکوژیم. به‌ڵام ده‌ستبردن بۆ خه‌باتی چه‌کدارانه و کوده‌تاگه‌رانه و سه‌ره‌نجام هه‌لڕه‌خساندن بۆ دوژمن بۆ به‌رپاکردنی گه‌رماوی خوێن، تاکتیکێکی هه‌ڵه‌یه، که هیچ کات پشتیوانی لێ ناکه‌ین. هه‌ڵبه‌ته به‌داخه‌وه ئێمه زۆرمان دیتووه، که که‌سانێك قسه‌ی زلیان له‌باره‌ی خه‌باتی چه‌کدارییه‌وه کردووه، به‌ڵام له ساتی پێویستدا ون بوون و کاره‌که‌یان خستووه‌ته سه‌ر شانی که‌سانی تر.
کرۆن ده‌ڵێت که نابێت ئێمه ته‌نیا به دوای خه‌باتی ئابوورییه‌وه بین، به‌ڵکو ده‌بێت په‌ل بۆ خه‌باتی رامیاریش بهاوێین. ئه‌مه هه‌مان شته که ئێمه ده‌یڵێین. به‌ڵام ئێمه دژی چالاکی پارله‌مانین، ئه‌گینا هه‌ر جۆره خه‌باتێك که له خزمه‌تی هه‌موواندا بێت، جێ سه‌رنجی ئێمه‌شه. مانگرتنی گشتی بۆ خۆی خه‌باتی رامیاریشه و هه‌روا پاگه‌نده‌ش دژی میلیتاریزم. سه‌ندیکا واته چالاکی ڕامیاری. سه‌ندیکالیزم ئامانجێکی ڕامیاری گه‌وره‌ی خستووه‌ته به‌رده‌م خۆی. له‌نێوبردنی ده‌وڵه‌ت، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری مرۆڤ به‌سه‌ر مرۆڤ و ده‌زگه‌ی بیرۆکراسی. کرۆن پاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌کات، که ناوه‌ندێتی (سه‌نترالیزم) له پارتی کۆمونیستدا جۆرێکی تره. نه‌خێر! ناوه‌ندێتی، هه‌ر ناوه‌ندێتییه. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه، که ئێمه ته‌نانه‌ت پرسه مادی و داراییه‌کانی خۆشمان ناوه‌ندی نه‌کردووه‌ته‌وه و خه‌زێنه‌ی ناوه‌ندی بوونی نییه. سه‌ندیکالیستێك، فێدرالیستیشه و من ئه‌وه‌شی ده‌خه‌مه سه‌ر که شۆڕشگێڕێك ده‌بێت فیدرالیست بێت. که‌سێك که خوازیاری سیستمی ده‌وڵه‌تییه، له هوشیارییه‌وه بێت یا ناهوشیارییه‌وه ئه‌وا خزمه‌ت به کۆنه‌په‌رستی ده‌کات. ئه‌گه‌ر پاگه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که جه‌ماوه‌ر ناهوشیار، خۆپه‌رستن و به دوای پرسی مادییه‌وه‌ن؛ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بوترێت که‌سانێك که له لوتکه‌ی بڕیاردان هه‌ر له‌م ده‌سته‌یه‌ن و له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که ئێمه خوازیاری له‌ناوچوونی ده‌سه‌ڵاتدارین.
* سۆڤیه‌ت یا سۆڤیه‌ته‌کان رێکخستنی دژ به ڕێکخستنی پله‌به‌ندی سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه «Hierarchy»یین، گونجاوترین واژه‌ی هاوواتا له زمانی کوردی‌دا بۆ ئه‌م واژه ناکوردییه، «ئه‌نجومه‌ن»ه، ئه‌نجومه‌ن له ده‌نگدانی راسته‌وخۆی خه‌ڵکدا پێك دێت و له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانه‌وه هه‌ڵبژێردراوانی نه‌شیاو، وه‌لا ده‌نرێن. به‌م جۆره ده‌بینین، ئه‌نجومه‌ن (سۆڤیه‌ت) له ناوه‌ڕۆکدا واتایه‌ك پێچه‌وانه‌ی واتای (شورا)ی ئیسلامی ده‌به‌خشێت، که تێیدا ده‌نگده‌ر یا هه‌ڵبژێره‌ر له نێوان که‌سانێکی پێشتر دیاریکراو به‌پێی مه‌رجه بنچینه‌ییه‌کانی ئیسلام که له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ری خوا و کۆیلایه‌تی مرۆڤ «Hierarchy» دارێژراون، ته‌نیا مافی هه‌ڵبژاردنی له نێوان خراپ و خراپتردا هه‌یه. جێی خۆیه‌تی که سۆشیالیسته‌کان له به‌کاربردنی ئه‌و واژانه‌دا ورده‌کار بن و لاسایی و خاترخاترۆکێی چه‌په‌کانی وڵاتانی دراوسێ نه‌که‌ن. (و.كوردی)
ته‌واوی په‌ڕگه‌کانی وێبلاگ