كاراییه سه‌ره‌تاییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریی نوێ له ده‌ركه‌وتندان. بزووتنه‌وه کلاسیکه‌كه له پارته‌كاندا ڕێكخراوه. باوه‌ڕ به پارت هۆی سه‌ره‌كی نه‌زۆكی چینی کرێکاره؛ له‌م ڕووه‌وه ئێمه خۆمان له پێكهێنانی پارت نوێ لاده‌ده‌ین، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ژماره‌مان كه‌مه، به‌ڵكو به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه پارت ڕێكخستنێكه كه ڕابه‌ری و كۆنتڕۆڵكردنی چینی کرێکار ئامانجییه‌تی.
له به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا، ئێمه بڕوامان وایه كه چینی کرێکار ته‌نیا ئه‌و كاته‌ی كه به شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ڕوو له گرفته‌كانی بنێ و چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات، ده‌توانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت. نابێت کرێکاران بێ چه‌ندوچون بچنه ژێرباری دروشمی كه‌سانی تر له‌وانه‌ش هی گروپه‌كانی ئێمه، به‌ڵكو ده‌بێت به‌خۆیان بیر بكه‌نه‌وه و هه‌نگاو بهاوێن و بۆخۆیان بڕیار بده‌ن. ئه‌م ده‌ركه له‌ته‌ك سونه‌تی پارت وه‌ك گرنگترین ئامرازی په‌روه‌رده‌یی چینی کرێکار به ئاشكرا ناكۆكه. له‌م ڕووه‌وه، فره كه‌س سه‌ره‌ڕای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی پارته سۆشیالیست و كۆمونیسته‌كان له‌ته‌ك ئێمه ناکۆکن و به‌رهه‌ڵستی ئه‌م بۆچوونه ده‌كه‌ن. ئه‌مه به‌ڕاده‌یه‌ك له ده‌ركه سونه‌تییه‌كانیانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. پاش ڕوانین بۆ خه‌باتی چینایه‌تی وه‌ك خه‌باتی پارته‌كان، سه‌رنجدان له خه‌باتی چینایه‌تی وه‌ك وه‌ك خه‌باتی خۆیی چینی کرێکار دژوار ده‌بێت. به‌ڵام به‌ڕاده‌یه‌ك، ئه‌م ده‌ركه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م بۆچوونه وه‌ستاوه، كه پارت له‌ته‌ك ئه‌وه‌شدا ڕۆڵی سه‌ره‌كی و گرنگ له خه‌باتی پڕۆلیتاریادا ده‌گێڕێ. با ئه‌م بۆچوونه‌ی دوایی له نزیكه‌وه بده‌ینه به‌ر لێكۆڵینه‌وه.
پارت، له بنه‌ڕه‌تدا گروپبه‌ندییه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای تێڕوانین و ده‌ركه‌كان؛ چینه‌كان گروپبه‌ندی گه‌لێكین له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی ئابووریی. ئه‌ندامه‌تی له چیندا له ڕێگه‌ی ڕۆڵی تاك له پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێناندا دیاری ده‌كرێت؛ ئه‌ندامه‌تی پارتیی، په‌یوه‌ستبوونی تاكگه‌لێكه كه له ده‌ركیاندا بۆ پرسه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان له‌ته‌ك یه‌كدا هاوڕان. پێشتر وای بۆ ده‌چوون كه ئه‌م ناكۆكییه بۆخۆی له پارتی چیندا، "پارتی کرێکاران" له‌نێو ده‌چێت. له ماوه‌ی هه‌ڵكشانی سۆشیال-دیموكراسیدا، وا ده‌هاته به‌رچاو كه ئه‌م پارته به‌ره به‌ره ته‌واوی چینی کرێکار، به‌شێك وه‌ك ئه‌ندام و به‌شێك وه‌ك پشتیوانیگه‌ر، ده‌گرێته خۆی. ئه‌وه‌ی كه تیۆری ماركسیستی وای ده‌خسته‌ڕوو، كه به‌رژه‌وه‌ندی چون یه‌ك، ڕوانگه و ئامانجی وه‌ك یه‌ك به‌رهه‌م ده‌هێنێت. وا چاوه‌ڕوان ده‌كرا كه ناكۆكی نێوان پارت و چین به‌ره‌به‌ره له‌نێو بچێت. مێژوو پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ی سه‌لماند. سۆشیال-دیموكراسی وه‌ك كه‌مایه‌تییه‌ك مایه‌وه. گروپگه‌لی تری چینی کرێکار دژی وی ڕێكخران، به‌شگه‌لێك لێی جیابوونه‌وه، كاراكته‌ری خودی پارتیش گۆڕا. چاوی به به‌رنامه‌ی خۆیدا گێڕایه‌وه یا لێكدانه‌وه‌ی نوێی له‌سه‌ر كرا. گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه نه‌ك له‌سه‌ر هێڵێكی ڕاست، به‌ڵكو له‌ناكۆكی و دژبه‌یه‌كبووندا به‌رده‌وام بوو. هاوكات، له كاتێكدا كه خه‌باتی چینی کرێکار له ئاسۆییدا په‌ره‌ده‌سێنێ، هێزی دوژمنیش له باری زۆربووندایه. بێ متمانه‌یی به‌رامبه‌ر ڕێڕه‌وێك كه ده‌بێت بگیردرێته‌به‌ر، به‌رده‌وام و چه‌ندجاره خه‌باتگێڕان توشی دوودڵی ده‌كات. هه‌ر دوودڵییه‌كیش، جیابوونه‌وه، ناكۆكی و شه‌ڕی فراكسیۆنه‌كان له بزووتنه‌وه‌ی کرێکاریدا دروست ده‌كات. خه‌مخۆری له په‌یوه‌ند به ناكۆكییه‌كان و جیابوونه‌وه‌كان وه‌ك هۆكاری زیانبه‌خش له دابه‌شبوون و لاوازبوونی چینی کرێکار، بێسوده. چینی کرێکار له‌به‌ر ئه‌وه لاواز نییه كه پرشوبڵاوه، پرشوبڵاوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه لاوازه. ئه‌وه‌ی كه دوژمن به‌هێزه و شێوازه كۆنه‌كانی شه‌ڕ كه‌ڵكیان نه‌ماوه، ده‌بێت چینی کرێکار له دوای شێوازی تازه بگه‌ڕێت. ئه‌ركه‌كانی له ئه‌نجامی هوشیاركردنه‌وه له‌سه‌ره‌وه‌ڕا ڕوون نابنه‌وه، به‌ڵكو ده‌بێت له ڕێگه‌ی كاری دژوار و په‌یگیرانه، له ڕێگه‌ی بیركردنه‌وه و ناكۆكی بیروڕاوه په‌یان پێببرێت. ده‌بێت به‌خۆی ڕێگه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه، به دیاریكراوی ئه‌م ڕێگه دۆزینه‌وه به‌ڵگه‌ی جیاوازی و ناكۆكییه ناوخۆییه‌كانه. ناچاره ده‌ست له بۆچوونه كۆنه‌كان و خۆشباوه‌ڕییه‌كان هه‌ڵگرێ و بۆچوونی نوێ هه‌ڵبژێرێ، له ڕاستیشدا دژواری ئه‌م كاره‌یه، كه جیابوونه‌وه‌ی گه‌وره دروست ده‌كات.
به‌مجۆره، ئێمه ناتوانین به باوه‌ڕهێنان به‌وه‌ی كه خولی ململانێی پارتی و شه‌ڕی ئایدیۆلۆژی ته‌نیا خولێكی كاتی ده‌بێت و ڕێگه ئاوه‌ڵاكه‌ری هاوئاهه‌نگی تازه ده‌بێت، خۆمان فریو بده‌ین. ڕاسته، له ڕه‌وتی خه‌باتی چینایه‌تیدا، سه‌رده‌مانێك هه‌ن، كه گشت هێزه‌كان له چوارده‌وری ئامانجێكی به‌رزی سه‌ركه‌وتوو له ده‌وری یه‌ك كۆ ده‌بنه‌وه و شۆڕش به هێزی یه‌كگرتووی چینی کرێکار ده‌چێته پێشه‌وه. به‌ڵام پاش ئه‌وه، به‌و جۆره كه پاش هه‌ر سه‌ركه‌وتنێك، جیاوازییه‌كان له په‌یوه‌ند به پرسیاری "پاشان چی ؟ " ده‌رده‌كه‌ون، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر چینی کرێکار سه‌ركه‌وتووش بێت، هه‌رده‌م له‌ته‌ك پڕگرفترین ئه‌رك واته زیاتر ملكه‌چكردنی دوژمن، تازه‌كردنه‌وه‌ی ڕێكخستنی به‌رهه‌مهێنان و پێكهێنانی نه‌زمی نوێ ڕووبه‌ڕووه. له توانادا نییه كه ته‌واوی کرێکاران، ته‌واوی توێژ و گروپه‌كان، كه هێشتاكه به به‌رژه‌وه‌ندی جۆراوجۆره‌وه له‌م سه‌رده‌مه‌دا، له سه‌ر گشت بابه‌ته‌كان هاوڕا نین و بۆ هه‌نگاوی یه‌كگرتووانه، خێرا و یه‌كلاكه‌ره‌وه ئاماده بن. ئه‌وان ڕێگه‌ی دروست ته‌نیا پاش مشتومڕی توند و ناكۆكییه‌كان به ده‌ست دێنن و به‌م هۆیه‌وه هزر ڕۆشنی به‌ده‌ست دێنن.
گه‌ر له سه‌رده‌مێكی ئاوادا، كه‌سانێك به ده‌ركگه‌لێكی بنه‌ڕه‌تی هاوبه‌شه‌وه، بۆ لێدوان له‌مه‌ڕ هه‌نگاوی كرده‌یی یه‌كیان گرتووه و له ڕیگه‌ی لێكدانه‌وه‌وه به‌دوای ڕۆشنگه‌ریدا بگه‌ڕێن و ئه‌نجامه‌كانی خۆیان ڕابگه‌یێنن، وه‌ها گروپگه‌لێك بۆی هه‌یه به پارت ناو ببرێن، به‌ڵام ئه‌وانه پارت گه‌لێك ده‌بن به تێگه‌یشنێكی ته‌واو جیاواز له‌وه‌ی ئه‌وڕۆ. كار و خه‌باتی که‌تواریی، ئه‌ركی خودی جه‌ماوه‌ری کرێکاره به تێكڕا و له گروپبه‌ندییه سروشتییه‌كانیاندا له‌وانه ڕێکخراوه‌کانی كارخانه و كارگه یا گروپی سروشتی تری به‌رهه‌مهێنان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه مێژوو و ئابووری ئه‌وانی له شوێنێكدا داناوه، كه ئه‌وان ته‌نیا به‌خۆیان ده‌توانن خه‌باتی چینایه‌تی کرێکاریی به ئه‌نجام بگه‌یێنن. شێتییه ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانی پارتێك ده‌ست به مانگرتن بكه‌ن له كاتێكدا لایه‌نگرانی پارتێكی تر درێژه به كاركردن بده‌ن. به‌ڵام هه‌ردوو ڕه‌وته‌كه له كۆبوونه‌وه‌كانی كارخانه‌دا به‌رگری له هه‌ڵوێستی خۆیان له‌مه‌ڕ مانگرتن یا نا بۆ مانگرتن ده‌كه‌ن، به‌م شێوه‌یه هه‌لێك بۆ به‌ده‌ستهێنانی بڕیارێك له‌سه‌ر بناخه‌یه‌كی پته‌و له ده‌ست ده‌درێت. خه‌بات ئاوا به‌رزه و دوژمنیش وا به‌هێزه، كه جه‌ماوه‌ر ته‌نیا وه‌ك یه‌ك گشت ده‌توانێت سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، كه به خۆی ئه‌نجامی هێزی مادی و وره‌یی خه‌بات، یه‌كێتی و تامه‌زرۆیی، هه‌روه‌ها ئه‌نجامی هێزی هزری و ڕۆشنی هزرییه. لێره‌دایه گرنگی پارته‌كان یا گروپگه‌لێكی پشت به‌ستوو به‌و باوه‌ڕانه‌ی كه له‌ته‌ك ناكۆكییه‌كان، قسه‌وباسه‌كان و پاگه‌نده‌ی خۆیان ڕۆشنگه‌ری ده‌هێنن. ئه‌وانه ئۆرگانی ڕۆشنگه‌ری چینی کرێکارن. کرێکاران به وه‌ها ئامرازێك ڕێگه‌ی خۆی به‌ره‌و ئازادی ده‌ددۆزێته‌وه.
به‌پێی سروشت وه‌ها پارتگه‌لێك وه‌ستاو نه‌گۆڕ نابن. له هه‌ر بارێكی تازه و له‌هه‌ر گرفتێكی تازه‌دا، مێشكی كراوه و یه‌كگرتووكه‌ر له گروپی تازه و به‌رنامه‌گه‌لی تازه‌دا به‌ده‌ست ده‌هێنن. دارای كاره‌كته‌ری نوێسازن و به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام خۆیان له‌ته‌ك باری تازه‌دا ده‌گونجێنن.
له پێوانه به وه‌ها گروپگه‌لێك، پارته کرێکارییه‌كانی هه‌نووكه كاره‌كته‌ری ته‌واو جیاوازیان هه‌یه، چونكه ئامانجی تریان هه‌یه؛ ویستی به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان. ئه‌وان بۆ چینی کرێکار له خه‌باتیدا به‌ره‌و ڕزگاری یارمه‌تیده‌ر نابن، به‌ڵكو ئامانجیان میرایه‌تی خۆیانه به‌سه‌ر کرێکاراندا و ڕاگه‌یاندنی وه‌ها پێكهاته‌یه‌ك وه‌ك ڕزگاری پرۆلیتاریا. سۆشیال-دیموكراسی كه له ده‌وره‌ی پارله‌مانتاریستیدا هه‌ڵكشا وه‌ها میرییه‌ك وه‌ك میرایه‌تی پارله‌مانی ده‌بینێت. پارتی كۆمونیست بیرۆكه‌ی میرایه‌تی پارتی تا ئه‌وپه‌ڕی ڕاده‌یه‌كی توندڕه‌وی له دیكتاتۆریه‌تی پارتدا درێژه پێده‌دا.
ته‌واوی په‌ڕگه‌کانی وێبلاگ